چوار هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کران

10:48 - 24 رەشەمه 2720

ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمە، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەیسەڵ عەلی‌ئابادی"، "جوبرەئیل شەعبانی"، سەید "لوقمان تاهیری" و "فەردین بایەزیدی"، بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کران.

ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەمە، سەید لوقمان تاهیری خەڵکی گوندی "پرداوێ" و "جوبرەئیل شەعبانی"، خەڵکی شنۆ، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

سەید لوقمان تاهیری، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان، هەروەها جوبرەئیل شەعبانی، شەوی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان، فەیسەڵ عەلی‌ئابادی، کوڕی یاسین و خەڵکی گوندی "شاوانێ" سەر بە شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە، فەردین بایەزیدی، خەڵکی شنۆ، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان، لە ڕێگای شنۆــ نەغەدە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوو.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو چوار هاووڵاتییە، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ڕاگەیەندراوە.