چوار هاووڵاتی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران

10:34 - 9 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەر، چوار زیندانی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە ناوەکانی "زەینولعابدین حوسێن‌زادە، عەلی مەلەکی، یاسر پوورمحەممەدی و مووسا نێعمانی" لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دران.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەر، ئەو چوار زیندانییە لەگەڵ "مورتەزا حەیدەری" بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوون؛ "مورتەزا حەیدەری" بە وەرگرتنی موڵەت لە بنەماڵەی کوژراوەکە، گەڕێندرایەوە زیندان.

"عەلی مەلەکی" زیندانیی دیکەی ئێعدام کراوە پێش لە جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی، هەوڵی خۆکوژی دابوو.

عەلی مەلەکی، یاسر پوورمحەممەدی و مورتەزا حەیدەری، ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، دەسبەسەر کران و بە ئێعدام لە شوێنە گشتییەکان مەحکووم کرابوون.

مووسا نێعمانی و زەینولعابدین حوسێن‌زادە لە دوو دۆسییەی جیاجیا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

هەتا ئێستا هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە لە لایەن سەرچاوە ناوخۆییەکانی حکوومەتی ئێران ڕانەگەیەندراوە.