چاڵە نەوتێکی کوردستان پاش چوار دەیە لە دۆزرانەوەی، ناچالاک ماوەتەوە

15:06 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: چاڵە نەوتێکی پرتووکاو لە ئیلام، پاش چوار دەیە لە دۆزرانەوەی، هەتا ئێستا چالاک نەکراوە و هیچ کەڵکێکی لێ وەرناگیرێ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەتا ئێستا هیچ کام لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هیچ چەشنە هەوڵێکیان لەمەڕ هەڵێنجانی نەوتی بیرێک کە پێش شۆڕشی ٥٧ لەلایەن شیرکەتێکی ئەمریکایی‌یەوە دۆزرایەوە، نەداوە.

ئەو چاڵە نەوتە لە ٤٥ کیلۆمیتریی شاری ئیلام و لە رۆژئاوای گوندی \'\'پاکڵ گراب\'\' لە بەرزایی‌یەکانی \'\'گەور\'\' (کبیر کوه) هەڵکەوتووە.

هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دەڵێن: ئەندزیارە ئەمریکایی‌یەکانی لە کاتی دۆزینەوەی ئەو چاڵە، هەبوونی نەوت و گازیان لەو چاڵەدا پشت راست کردووەتەوە.

بە وتەی دانیشتوانی خۆجێیی ئەو ناوچەیە، هەنووکەش کۆمەڵێک پەڵەی نەوتی لە دەوروبەری ئەو چاڵەدا دەبینرێ.

ئەو چاڵە نەوتییە سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار دەیە لە دۆزرانەوەی هەتا ئێستا هێچ نەوتێکی تێدا هەڵنەهێنجراوە.

\"26335.jpg\"
چاڵە نەوتێکی پرتووکاو، پاش چوار دەیە لە دۆزرانەوەی، هەتا ئێستا چالاک نەکراوە و هیچ کەڵکێکی لێ وەرناگیرێ
کارناسانی ژینگەپارێزی لەو بڕوایە دان کە داتەپینی ئەو چاڵە نەوتە کارەساتی ژینگەیی لە بەرزایی‌یەکان چیای \'\'گەور\'\'دا لێ دەکەوێتەوە.

ئیلام سێیەم ئوستانی خاوەن پاشکەوتی نەوتی و گازی لە ئێران دایە کە بە وتەی بەرپرسانی ئەو ئوستانە، سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو پاشکەوتە، ئیلام لە بێ‌بەش‌ترین پارێزگاکانی ئێران دێتە ئەژمار.

پێشتر بەرپرسانی ئیلام رایانگەیاندبوو: بڕی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی ئیلام یەکسانە لەگەڵ سەرچاوەکانی وڵاتێکی وەکوو قەتەر، بەڵام زۆربەی لاوانی ئەو ئوستانە بێکارن و بۆ بە دەست هێنانی داهاتێک بە ناچار روو لە شارەکانی دیکەی ئێران دەکەن.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، ئوستانی ئیلام لە ریزی ٥ پارێزگای یەکەمی ئێران لە بواری بێکاری دایە.