چالاكێكی كرێكاری لەزیندانی سنە لەدۆخێكی جەستەیی خراپ دایە

14:25 - 5 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: چالاكێكی كرێكاری كورد كە ماوەی یەك ساڵە لەزیندانی ناوەندی شاری سنە لە دەستبەسەریدایە پێویستی بە چارەسەریی پزیشكی هەیە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەفشین نەدیمی بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی \"ریە\" زۆر بە ئەستەم هەناسەی بۆ هەڵدەكێشرێ‌.

ئەفشین نەدیمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ دەستبەسەر كراوە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێ‌.

\"21184.jpg\"
ئەفشین نەدیمی، چالاكی كرێكاری كورد پێویستی بە چارەسەریی پزیشكی هەیە
ئەو چالاكە كرێكارییە بە هۆی پیس بوونی بەندی نێو زیندان، رۆژ لەگەڵ رۆژ نەخۆشییەكەی لە پەرەسەندن دایە و هەنووكە هەناسە كێشانی زۆر ئەستەم بووە.

لەو بارەیەوە كۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردۆتەوە، ئەفشین نەدیمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٠ و ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كامیارانەوە دەستبەسەر كراوە و سەرجەم ٨ مانگ زیندانی كێشاوە.

ئەفشین نەدیمی خەڵكی شاری كامیاران و مێهرداد سەبووری مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردووش دوای گەڕانەوەیان لەهەرێمی كوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر كرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی كرێكاری روویان لەهەرێمی كوردستان كردبوو.