چالاكێكی خوێندكاری كورد حوكمی زیندانی بۆ بڕایەوە

13:32 - 1 رێبەندان 2711
كوردپا: جێگری لێپرسراوی یەكیەتیی دێموكراتیكی خوێندكارانی كورد لەلایەن دەزگای قەزایی شاری سنەوە بە ٦ مانگ زیندان حوكم درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، میلاد كەریمی خوێندكاری زانكۆی ئازادی شاری سنە لەلایەن دەزگای قەزای ئەو شارەوە بە ٦مانگ زیندانی حوكم درا.

ئەو چالاكە خوێندكارییە پێشتر لەلایەن دادگاوە بە یەك ساڵ و نیو زیندانی حوكم درابوو بەڵام دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا حوكمەكەی كرا بە ٦ مانگ زیندانی.

میلاد كەریمی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و دواتریش دەستبەسەر كراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند خوێندكاری دیكەی كورد بە ناوەكانی ماردین (خالید) ئەیوازە، ژیار سەلامەتیان و دانا لەنج ئابادی كە رێكەوتی ٢٣ی بەفرانبار دەستبەسەر كراون، هەتا ئێستا چارەنووسیان ناروونە.