چالاکێکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرا
ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، کاوە حەکیمی، چالاکی کرێکاری و یەکێک لە واژۆکەرانی بەیانییەی مەحکوومکردنی دەسبەسرکرانی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کراوە.
ئەو چالاکە کرێکارییە، لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی تەنزیمی ئەو بەیانییە و هەروەها چۆنیەتیی واژۆکردنی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کراوە.
زیاتر لە ٥٠٠ کرێکار و چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتی، بە واژۆکردنی بەیانییەیەک لەمەڕ مەحکوومکردنی دەسبەسەرکرانی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، خوازیاری ئازادیی بێمەرجی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە بوونە.
ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، سەرەڕای دیاریکردنی کات و لقی کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی، دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، کۆبوونەوەی دادگاییکردنیان بەڕێوە نەچووە.
بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز بۆ عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی نێرداربوو، کۆبوونەوەی دادگایی ناوبراوان دەبا کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان لەمەڕ سکاڵای دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز و دادستانی، بەهۆی چالاکیی سیاسی (بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لە دنیای خوازەکیی گرێدراو بە گرووپەکانی دژبەری نیزام) لە لقی ئاماژە پێکراو، بەڕێوە چووبایە".