چالاکێکی ژینگەیی بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا

10:46 - 3 سەرماوەز 2720

ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز، چالاکێکی ژینگەیی کورد بە ناوی "سابیر قادری" خەڵکی شاری  دێولان، بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی سنە، ڕاگوێزرا.

ئەو ئەندامەی "کۆمەڵەی شەیدای سەوزی لەیلاخ"، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی مەحکووم کرابوو.

مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی ئەو چالاکە ژینگەیە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ سێ ساڵ زیندانی کەم کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان، کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوەی سابیر قادری لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مستەفا تەیاری" بەرێوەچوو وحوکمی ٥ ساڵ زیندانی ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٢٨ مانگ زیندان و حوکمی یەکساڵەکەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ کەم کرابووە و بە پێی یاسای کۆبوونەوەی حوکمەکەکان، حوکمی ٢٨ مانگە زیندانییەکی ئەو چالاکە ژینگەیە، دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەو چالاکە کوردە، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.