چالاکێکی مەزهەبیی کورد لەتاران دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئێڤین کرا

12:53 - 13 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبیی کورد و ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستان، پاش خۆ ناساندن بە دادگای تایبەت بە رۆحانییەت لەتاران، دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی سەرماوەز هاشم حوسێن پەناهی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی ئایینیی \"ئیمام بوخارا\"ی سنە، پاش ئەوەی سەردانی دادگای تایبەت رۆحانییەتی تارانی کرد، دەستبەسەر و رەوانەی بەندی ٣٢٥ی زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران کرا.

\"17189.jpg\"
هاشم حوسێن پەناهی پاش ئەوەی سەردانی دادگای تایبەت رۆحانییەتی تارانی کرد، دەستبەسەر و رەوانەی بەندی ٣٢٥ی زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران کرا
هاشم حوسێن پەناهی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ٣ی دادگای تایبەتی رۆحانییەتی تارانەوە بە تۆمەتی بێ‌ڕێزی کردن بە مەزهەبی شیعە، حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە بریکاری دادگای تایبەتی رۆحانییەت،٣٠ زەربە قامچی بۆ برایەوە.

هەروەها ماڵپەڕی ئیسلام کورد زمانحاڵی مەکتەب قورئانی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەو چالاکە مەزهەبییە مانگی خەرمانانی ساڵی رابردووش بۆ ماوەی یەک مانگ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە دەستبەسەریدا بوو.

ئەو چالاکە مەزهەبییە لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.