چالاکێکی مەدەنیی کورد بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

18:10 - 20 رەزبەر 2720

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "ئەفشار فەتحی" کوڕی "ئەحمەد" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

خەرمانانی ساڵی ٩٨ ئەو لاوە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی "هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ساڵێک و بەگشتی بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو لاوە لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بێتاوان ناسێندرا و حوکمی یەک ساڵ زیندانییەکەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" پشتڕاست کرابووەوە.

"ئەفشار فەتحی" مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.