چالاکێکی مەدەنیی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی دێزڵاوای کرماشان کرا

18:44 - 28 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، "زارا جەماڵی" چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی کەنگاوەر، پاش خوناساندنی بە دادسەرای ئەو شارە، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

حوکمی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن دادوەر "ئەحمەدیان" درابوو.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی جەماڵی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، دەڵێت کە ئەو ژنە چالاکە لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی "سەمیرا" و زاواکەیان "عەلی قولی ‌لوو"، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، پاش دروستکردنی کورتە ڤیدیۆیەکی یەک خولەکی لەسەر "حیجابی زۆرەملێ" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش هێرش کردنەوە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکە، لەگەڵ خوشکەکەی دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کران.

"زارا جەماڵی" لەلایەن "حەوزەی خاهەران و بەرادەرانی کەنگاوەر" بەیانییەیان لەسەر بڵاو کرابووەوە و داوای ئەشەدی سزایان بۆ کرابوو. هەروەها پێشنوێژی هەینیی شاری کەنگاوەریش داوای تێزاوڕشتنی بەسەر ئەو دوو خوشکەدا کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "پاش ساڵێک دادگا بۆ گوشار خستنە سەر ئەو بنەماڵەیە، دۆسیەکەیان بە دوو بەش دابەش کردبوو، دادگای کەیفەریی ١٠٢ی شاری کەنگاوەر و بەشەکەی دیکە لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان.

لقی ٥ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان ئەو ژنە چالاکە مەدەنییەی بە تاوانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی و دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ کەم کرایەوە. دادگای کەیفەریی شاری کەنگاوەریش بە تۆمەتی "کەشفی حیجاب" و "بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و فەحشا" بە ٩١ ڕۆژ زیندان و هەروەها دوو ملیۆن تەمەن سزای نەختی و ٥٤٨ کاتژمێر وانەوتنەوە لەسەر "عەفاف و حیجاب" مەحکووم کردبوو.