چالاکێکی مەدەنی لە کامیاران دەسبەسەر کرا

12:09 - 21 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "فەرزاد حوسێنی" خەڵکی کامیاران، پاش سەردانی بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، لەسەر بڕیاری دادوەر "سەعیدی" دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.

"فەرزاد حوسێنی" ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش سێ مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تەمەنی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو چالاکە لەگەڵ ٩ چالاکی ژینگەپارێزیی دیکە بە ناوەکانی "هادی کەمانگەر، بەختیار کەمانگەر، عیسا فەیزی، مەهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی، فەرزاد حوسێنی، سیروان قوربانی، فازڵ قوەیتاسی و ئامانج قوربانی" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای لایەنگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەڕێوە چووبوو.