چالاکێکی مەدەنی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشت کرا

10:32 - 17 رەزبەر 2720

"شادمان بەنی بەشەر" چالاکی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە" بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەبێ خۆی بە زیندانی ناوەندیی سنە بناسێنێت.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا ڕاگەیاندووە: "بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە لە مانگی خەرماناندا بە دەستم گەیشتووە، دەبێ لە ماوەی دیاریکراودا بۆ جێبەجێکردنی ٦ مانگ زیندانییە تەعزیرییەکەم خۆم بە زیندانی سنە بناسێنم".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٨، "شادمان" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار و دەسبەسەر کردبوو.

٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو چالاکە مەدەنییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ئەو چالاکە مەدەنییە لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تەبرەئە بوو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعزیریی ئەو چالاکە مەدەنییە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ ٦ مانگ کەم کرابووەوە.