چالاکێکی فەرهەنگیی کورد بۆ زیندانی "وەکیلئاباد"ی مەشهەد گوازرایەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، مەحموود نیرومەند، چالاکی فەرهەنگیی کورد لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد، بۆ زیندانی "وەکیلئاباد"ی ئەو شارە ڕاگوێزرا.
یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە؛ لقی ٩٠٣ی لێپرسی دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد بە سەرۆکایەتی لێپرس عەلی سلێمانی، "محەممەد نیرومەند"ی بە "پرۆپاگەندە دژی نیزام" و "پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکانی دژبەری نیزام" تۆمەتبار کردووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی؛ ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە تەمەن ٣٦ ساڵەیە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد کرابوو.
مەحموود نیرومەند خەڵکی گوندی "پلگەرد" سەر بە بەخشی "لوتفئاوا"ی شاری دەرگز سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و دانیشتووی شاری مەشهەد بووە.
ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە بوارەکانی زمان، فەرهەنگ و هونەری کوردی چالاکی دەکات.