چالاکێکی سیاسیی کورد، حوکمی زیندانییەکەی بۆ سێ مانگ کەم کرایەوە

13:31 - 25 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێكی کوردی خەڵكی روانسەر، کە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە دەستبەسەریدایە، لە دادگەی پێداچوونەوەدا حوکمی زیندانی کرانەکەی کەم کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نەوید ئەحمەدی خەڵکی شاری روانسەر لە ئوستانی کرماشان، کە لەلایەن دادگەی ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانی کرانی بۆ بڕابوویەوە، سەرئەنجام ئەو حوکمە لە دادگەی پێداچوونەوەدا بۆ ٣ مانگ و ٢ رۆژ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا.

نەوید ئەحمەدی، تەمەن ٢٠ ساڵ و سۆران ئەحمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ لەلایەن دادگەی ئینقلابی روانسەرەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلیم قەنبەری هەم کام بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

\"24766.jpg\"
نەوید ئەحمەدی و سۆران ئەحمەدی دوو چالاکی سیاسی کوردی خەڵکی شاری روانسەر
دادگەی روانسەر سۆران و نەویدی بە ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کردبوو.

ئەو دوو لاوە کوردە، سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان، رەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرابوون.

هەتا ئێستا، دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کرماشان حوکمی کۆتایی سۆران ئەحمەدی رانەگەیاندووە.