چالاکێکی سوننە مەزهەب ٢٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

13:27 - 15 خاکەلێوه 2721

چالاکێکی سوننە مەزهەب بە ناوی "حامید عەلی مشکات"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەجەبی"، ٢٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

دادگا ئەو چالاکە مەزهەبییەی بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ بە ئامانجی تێکدانی تەناهیی وڵات" بە ١٥ ساڵ زیندان، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ١ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوە، بە ئەو چالاکە مەزهەبییە کە لە زیندانی ورمێدایە، ڕاگەیەندراوە.

"حامید عەلی مشکات" پێشتر لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٩، ئەو چالاکە سوننە مەزهەبە، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە سوننە مەزهەبە، بۆ ماوەی ١٠٦ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لێکۆڵینەوەی لێ کرابوو و پاش ڕاگواستنی بۆ زیندانی ورمێ، بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە بەندی دابڕگەدا ڕاگیرابوو.

حامید عەلی مشکات، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە.

ئەو چالاکە مەزهەبییە، سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوو.