چالاکێکی دیکەی سیاسیی کورد بەناچاری زێدی خۆی بەجێ‌هێشت + وێنــە

15:21 - 7 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: حامید بەراتی، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەوە پشتڕاست کرایەوە و داویان لە ناوبرا کردبوو کە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی سەقز بناسێنێت، بەناچاری زێدی خۆی بەجێ‌ێشت.

حامید بەراتی چالاکی سیاسی خەڵکی شاری سەقز لە لیدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: پاش ئەوەی کە ئاگادار کرامەوە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەی شاری سنە، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی منی پشتڕاست کردۆتەوە، بەهۆی هەست بە مەترسیی گیانی و هەروەها باردۆخی سەختی نێو زیندان، بەناچاری وڵاتم بەجێ‌هێشت.

ئەو چالاکە سیاسیە باسی لەوەش کرد، رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن ستادی خەبەریی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و پاش ٢٠ رۆژ بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرام.

\"12282.jpg\"
حامید بەراتی چالاکی سیاسی خەڵکی شاری سەقز
بەراتی راشیگەیاند، ریکەوتی ٤ی سەرماوەزی سالی ٨٩ دادگای ئینقلابی شاری سەقز بەبێ ئامادە بوونی خۆم، بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزری بۆ بڕیمەوە و رێکەوتی ١٥ی رەشەممەی ساڵی ٩١ ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە پشت‌ڕاست کرایەوە.

ئەو چالاکە کوردە ئاماژەی بەوەشدا کەلە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا هێزە ئەمنیەکانی شاری سەقز چەندین جار چوونەتە ماڵی باوکم و پێیان راگەیاندوون، کە من رادەستی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن.

حامید بەراتی لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٣ی هەتاویی شاری سەقزە و ناوبراو خێزاندار و خاوەنی ٢ منداڵە و لە شارەکانی باشووری وڵاتی ئێران وەک ئەندازیاری نەخشەکێشیی بیناسازی سەرقاڵی کار کردن بووە.

\"12281.jpg\"