چالاکێکی خوێندکاریی کورد، ٧٥ رۆژە لە ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرە

15:23 - 4 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: ماوەی ٧٥ رۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی یەکێک لە چالاکانی خویندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە زانکۆی سنەدا تێپەر دەبێ و هەتا ئیستاش لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێبوار کامرانی‌پوور، چالاکی خوێندکاری و ژینگەپارێزیی کورد، کە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز پاش خۆناساندن بە ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا ، هەتا ئیستا لە ئیتلاعاتی ئەو شارە لە دەستبەسەریدایە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە رۆژی ٢٠ی سەرماوەزدا چووبوونە ماڵی ئەو چالاکە کوردە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کتێبەکان و کۆمپیوتێرەکەی ناوبراویشدا گرتبوو.

\"24950.jpg\"
رێبوار کامرانی‌پوور، چالاکی خوێندکاری و ژینگەپارێزیی کورد
یەکێک لە هاورێیانی ئەو چالاکە خوێندکارییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دادگەی سنە بە بنەماڵەکەی رێبواریان گوتووە، کە پێدەچیت لە ماوەی داهاتوودا بدرێتە نێو زیندانی سنە یان بە دانانی بارمتە و هەتا کاتی دادگایی کرانی، ئازاد بکرێت.

هەتا ئێستا تۆمەتی وەپاڵدراوی دادگەی ئینقلابی سنە بەو چالاکە کوردە بۆ کەسوکار و هاورێکانی روون نەبۆتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، دایک و باوکی رێبوار کە ژن و پیاوێکی بەساڵاچوون، لە ماوەی رابردوودا دوو جار لە گرتووخانەی ئیتلاعات چاویان بە کوڕەکەیان کەوتووە.

رێبوار کامرانی‌پوور، کە بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئەدەبیی هاوڕێ هەورام لە زانکۆی پەیام‌نووری سنە بووە، بە گوتەی هاورێکەی هاوکاری چالاکی کەمپەینی شەنگال و کۆبانی و هاوکاری بڵاڤۆکە خوێندکارییەکان و هەروەها یەکێک لە چالاکانی ژینگە لە شاری مەریوان بووە.

ئا: ئارام. ح