٥ چالاکی ژینگەپارێزی بە تۆمەتی \"افساد فی الارض\" مەحکووم کران

20:38 - 30 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی دەزگای قەزایی، ٥ چالاکی ژینگەپارێزیان بە تۆمەتی \"افساد فی الارض\" مەحکووم کرد.

٥ چالاکی ژینگەپارێزی کە ٨ مانگ پێش دەسبەسەر کرابوون، لە لایەن بەرپرسانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، تۆمەتی \"افساد فی الارض\" خرایە پاڵ.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، پێشتر ئەو ٥ چالاکە ژینگەپارێزیەیان بە تۆمەتی \"سیخوری و دواتر بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی ئەرتەش، بە تۆمەتی \"افساد فی الارض\" مەحکووم کردبوو.

شوناسی هەشت چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی \"موارد تەهبازی، سام رەجەبی، ئەمیر حوسێن خالقی، هوومەن جوکار، سپیدە کاشانی، نیلوفەر ، تاهیر قەدیریان و عەبدوڵڕەزا کوهپایە\" ڕاگەیەندراوە و ٥ کەسیان بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی ئەرتەش، بە تۆمەتی ئاماژە بۆکراو، مەحکووم کراون.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییانە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دەسبەسەر کرابوون.

بە وتەی محەممەد حوسێن ئاقاسی، دادستانی بە پشتبەستن بە نامەیەک کە لە لایەن ئەرتەشەوە و لە ڕێگای شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی گەیشتووتە دەستی دادستان، ئەو تۆمەتەی لەو چالاکانە داوە.

مافناسان و چالاکانی مافی مرۆڤ، لەو بڕوایەدان بەهۆی ئەو تۆمەتەوە، ئەگەری لە سێدارەدانی ئەو چالاکانە لە ئارادایە.