٢٥ چالاکی سیاسی، مەدەنی، رۆژنامەنووسی و کرێکاری لە زیندانی مەهاباد لە دەستبەسەری‌دان+ ناسنامە

20:36 - 2 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوی زیندانیانی بەندی سیاسیی زیندانی مەهاباد، کە بە تاوانی لایەنگری لە حیزبە کوردییەکان، چالاکیی مەدەنی، کرێکاری و رۆژنامەنووسی دەستبەسەر کراون لە دوو توێی راپۆرتیکدا بڵاو دەکرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەک لە زیندانی مەهاباد، بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی مەهاباد، هەنووکە ٢٥ چالاکی کوردی تێدا دەستبەسەرە کە زۆربەیان بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و حوکم زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

\"21145.jpg\"
یەحیا سارخانی، زنیدانیی سیاسیی کورد
١- یەحیا سارخانی خەلکی شاری مەهاباد، پووشپەڕی ٩١ دەستبەسەر کراوە پاشان بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبە کوردییەکان حوکمی ٧ ساڵ زیندانی بۆ بڕابوویەوە، کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوەو هەنووکە لە زیندانی مەهاباد ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

٢- عومەر مونەجمی راد، خەڵکی میراوێی سەردەشت، کە ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی \"ئەمنیەتی\" دەستبەسەر کراو دواتر دادگای ئینقلابی مەهاباد حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ ناوبراو بڕییەوەو هەنووکە لە زیندانی مەهاباد سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیەتی.

\"21144.jpg\"
جەماڵ قادر نژاد خوێندکاری تێرمی ٦ی زانسته کومەڵایەتییەکانی زانکۆی \"په‌یام نوور\"ی شاری مەهاباد
٣- جەماڵ قادرنژاد، خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ٩١ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارە بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\"، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراو ئەو حوکمەش لەدادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە، ئەو خوێندکارە کوردەی تێرمی ٦ی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی پەیام‌نووری میاندواو لە زیندانی مەهاباد ماوەی ٥ ساڵ زیندانییەکەی تێپەڕ دەکات.

\"21149.jpg\"
مەسعوود کوردپوور، رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی کورد
٤- مەسعوود کوردپوور، رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی کورد، کە رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کراو پاش ٨ مانگ راگیران لە زیندان بە تۆمەتی \"کۆبوونەوەی و هاودەستی و تەبلیغ بەدژی نیزام\"، سەرجەم بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراو حوکمەکەش وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوەو هەنووکە لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی مەهاباد لە دەستبەسەریدایە.

٥- واحید سەیدە، چالاکی کرێکاریی کورد مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ لە مەهاباد دەستبەسەر کراو مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو هەنووکە ماوەی ئەو حوکمە لە زیندانی مەهاباد تێپەڕ دەکات.

\"21143.jpg\"
یووسف ئاب‌خرابات، چالاکی کرێکاریی کورد
٦- یووسف ئاب‌خرابات، چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی مەهاباد، مانگی بەفرانباری ١٣٩١ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو و دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد لە رێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢دا ئەو چالاکە کرێکارییەی بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد، کە ناوبراو لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی مەهاباد سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیەتی.

٧- محەمەد مەولانایی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی مەهاباد لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١دا دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەوادی کیا، حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە، کە ناوبراو لە زیندانی مەهاباد ماوەی ئەو حوکمە تێپەڕ دەکات.

٨- کاوە ساڵک، خەڵکی شاری مەهاباد کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو هەنووکە لە زیندانی مەهاباد لە دەستبەسەریدایە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوەو لە ئێستادا لەو زیندانە ماوەی ٤ ساڵ حوکمەکەی تێدەپەڕێنێت.

٩- لوقمان ساڵک، زیندانیی سیاسیی کوردی خەلکی مەهاباد، رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٠ لەو شارە دەستبەسەر کراو و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراو هەنووکە لە زیندانی مەهاباد ماوەی حوکمەکەی تێپەر دەکات.

١٠- عومەر پیرنیا، خەڵکی پیرانشار و بە تۆمەتی \"سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسراییل\" دەستبەسەر کراوە، حوکمی ٦ سال زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوەو لە ئێستادا لە زیندانی مەهاباد ئەو حوکمە تێدەپەڕێنێت.

\"21146.jpg\"
قاسم ئەحمەدی، چالاکی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسی کورد
١١- قاسم ئەحمەدی، چالاکی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ دەستبەسەر و دواتر بە ٥٠ ملوین تمەن ئازاد کرا، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بەدژی نیزام\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و سەرئەنجام دادگای پێداچوونەوەی ورمێ ماوەی ٢ ساڵ لەو حوکمەی بۆ ناوبراو پشتڕاست کردەوە.

\"21147.jpg\"
فارووق سامانی، هونەرمەندی نیگارکێشی کورد
١٢- فارووق سامانی، هونەرمەندی نیگارکێشی کوردی خەڵکی مەهاباد، مانگی رەشەمەی ساڵی ٩١ دەستبەسەر کراو و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پەسند کراو ناوبراو لە زیندانی مەهاباد سەرقاڵی تێپەڕاندنی حوکمەکەیەتی.

١٣- رەحیم دەروێشی، خەڵکی ئیندرقاشی ناوچەی مەهاباد، مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد لە دەستبەسەریدایە.

١٤- ئیبراهیم غەدیر فەر، چالاکی مەزهەبیی کورد، کە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٠ بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درا، هەنووکە لەو زیندانە ماوەی حوکمەکەی تێپەر دەکات.

\"21148.jpg\"
رەحیم رەشی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد
١٥- رەحیم رەشی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە بەهۆی ئەندامەتیی کوڕەکەی لە ناو یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە مانگی رەشەمەی سالی ٩٢دا دەستبەسەر کراوە، ماوەی ٥ مانگە لەو زیندانە لە دۆخێکی ناڕووندا راگیراوە.

١٦- خالید قادرپوور، مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی \"لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد لە دەستبەسەریدایە.

١٧- حوسێن پوورمستەفا ئەقدەم، مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی \"ئەمنیەتی\" لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو لە رۆژانی رابردوودا رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کراوە.

١٨- یوونس ئاقایان عەلی بەگلوو، خەڵکی گوندی وشتەپەی گۆرانی میاندواو، ساڵی ١٣٨٣ دەستبەسەر کراو بە تومەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا(محاربە)، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ برایەوەو ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوەو هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد لە دەستبەسەریدایە.

١٩- مستەفا فەقێ، خەڵکی شاری مەهاباد، کە ساڵی ١٣٩١ دەستبەسەر کراوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوەو هەنووکە لەزیندانی ناوەندیی مەهاباد ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

هەروەها ٥ زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بەناوەکانی سۆران رەمەزان‌پوور، نەوزاد پەروانە، عومەر شکار، ئارمین زەڕین‌پوور، رەحمەت حوسینیانی، حەسەن عەبدوڵڵاپوور لەبەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد لە دەستبەسەریدان، کە هۆکاری دەستبەسەر کران و ماوەی زیندانییەکەیان بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.