چالاکانی ژن لەمەڕ مەحکوومکردنی کوشتنی "فایزە مەلەکی‌نیا" لە بەردەم بینای دادگوستەریی سنە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

16:13 - 15 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر، چالاکانی مافی ژنان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر بینای دادگوستەریی شاری سنە، کوژرانی "فایزە مەلەکی‌نیا"یان مەحکووم کرد.

چالاکانی مافی ژنان لە سنە، وێڕای مەحکوومکردنی توندوتیژییە نامووسیییەکان، خوازیاری پێڕاگەیشتن بەو دۆییەیە و ڕوونکردنەوەی لەلایەن ناوەندە پەیوەندییدارەکان بوون.

چالاکانی مافی ژنان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، خوازیاری گوڕینی ئەو یاساگەلە بوون کە دژی مافەکانی ژنانە، هەروەها دەبێتە هۆی نەبوونی ئەمنییەت و مافی مرۆیی ژنان.

ئەوان داواکارن کە حاڵەتەکانی قەتڵە نامووسییەکان بەدواداچوونی دادوەریی بۆ بکرێت و دۆسیەی ئەو قەتڵە نامووسییانە بێئاکام نەمێنێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، هەواڵی ئاگردانی فایزە مەلەکی‌نیای تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن باوکیەوە بەهۆی "پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک" لە میدیاکان بڵاو بووەوە.

دوایین ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕووداوە باس لەوە دەکەن کە شەوی شەممە ١٠ی ڕەزبەر، باوکی "فایزە مەلەکی‌نیا" بە ناوی "حەبیبوڵڵا" لە دەستبەئاوی باخەکەیان لە گوندی "کوڕکوڕە"ی شاری سنە، بە ڕژاندنی بێنزین بەسەر جەستەی فایزە، ئاگری لە کچەکەی بەر دا.

فایزە پاش سووتانی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە ڕاگوێزرا، بەڵام بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەی (٨٥٪)، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتە، زۆربەی ڕاپۆرتەکان باس لە ئاگردانی فایزە لەلایەن باوکیەوە دەکەن، بەڵام هێندێک لە هەواڵەکان بە تایبەتی ئەو هەواڵانە یلەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە بڵاو بووەتەوە، باسیان لەوە کردووە کە فایزە هەوڵی خۆکوژیی داوە و لەو پەیوەندییەدا هیچ جۆرە سکاڵایەکی تایبەت لەمەڕ کوژرانی فایزە تۆمار نەکراوە.

ناوەندە حکوومەتییەکان هەتا ئێستا بە هیچ شێوەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ باوکی فایزە نەکردووە و تەنانەت تەرمی فایزە بەبێ توێکاریی پزیشکی ئەسپەردەی خاک کراوە.