چالاکانی مافی مرۆڤ هەوڵ بۆ درێژکردنەوی ماوەی مەئموورییەتی ئەحمەد شەهید ئەدەن

19:22 - 9 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران خوازیاری درێژکردنەوەی ماوەی مەئموورییەتی راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بیست و هەشتەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڵە شاری ژنێڤ، رێکەوتی ١١ی رەشەمەوە دەست پێ دەکات و هەتا رێکەوتی ٧ی مانگی خاکەلێوەی سالی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لەو دانیشتنەدا، بڕیارنامەیەک دەخرێتە روو، کە ئامانج لەو بڕیارنامەیە درێژکردنەوەی ماوەی مەئموورییەتی ئەحمەد شەهید راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کاروباری مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە.

لەو بارەیەوە، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە سەرنجدان بە خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، داوایان لە شۆرای مافی مرۆڤی کردووە، کە ئەو بڕیارنامەیە پەسند بکات.

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵگەکانی مافی مرۆڤ، ئەنجومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، رێکخراوی ئەندام لە فیدراسیۆن و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەهاییەکان رایانگەیاندووە: ئەو بڕیارنامەیە دەبێ داوا لە حکوومەتی ئێران بکات کە هاوکاریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و ئیزن بە سەردانی ئەحمەد شەهید بۆ وڵاتی ئێران بدات.

هاوکات لەگەڵ بیست و هەشتەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی شۆرا بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، دانیشتنێکیش سەبارەت بە سەرکوتی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، رۆژنامەنووسان و پرسی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم لاهیجی، بەرپرسی فیدراسیۆن و بە گوتاربێژیی شیرین عیبادی، بەرپرسی ئەنجومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و دیان عەلایی، نوینەری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەهاییەکان لە رێخکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت.

رێکەوتی ٢٧ی مانگی مارسی ٢٠١٤ی زاییینی، شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی شاری ژنێڤ بە ٢١ دەنگی بەڵێ، ١٦ دەنگی بێ لایەن و ٩ دەنگی نەخێر، بڕیارانامەیەکی پەسند کرد کە بەو پێیە مەئموورییەتی ئەحمەد شەهید، راپۆرتێری تایبەتیی ئەو شۆرایە بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، هەتا مانگی مارسی سالی ٢٠١٥ درێژ کرایەوە.