چالاكانی مافی مرۆڤ لە رەوشی حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی مەحكووم بە ئیعدام نیگەرانن

13:28 - 27 رەشەمه 2711
كوردپا: حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی سیاسیی كوردی مەحكووم بە ئیعدام لە شەوانی رابردوودا لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بەندی 12 زیندانی \"ورمێ\"وە رەوانەی ژووری تاكەكەسیی زیندانی ئیتلاعات كراوە و ئه‌مه‌ش بۆتە هۆی نیگەرانیی چالاكانی مافی مرۆڤ.

هەواڵدەریی هیرانا لە هەواڵێكدا لەم بارەوە بڵاوی كرۆدتەوە، ئەم كارەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات كە پێشتریش لەمەڕ حوسێن خزری بەرلە ئیعدام كرانی جێبەجێ‌ كرا، بە مەبەستی وەرگرتنی ئیعترافی تەلەفیزیۆنیی پێش لە بەڕێوە بردنی حوكمی ئیعدام بۆتە هۆی نیگەرانیی چالاكانی مافی مرۆڤ.

حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی سیاسی كە ماوەیەكی زۆر لە گرتنگەكانی سنە و مەهاباد دەستبەسەر بووە، رێكەوتی 2ی بانەمەڕی 1389 لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تاوانی \"محاربه\"بەهۆی ئەندامەتی لە حیزبێكی دژبەری حكوومەت، حوكمی ئیعدامی بۆ بڕایەوە. ئەو حوكمە لە مانگی خەرمانانی ساڵی 1389 لە دیوانی به‌رزی وڵات تەئید كرا.

حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور 22ی بانەمەڕی 1389 مانی لە خواردن گرت و پاش 14 رۆژ بەردەوامی لە مانگرتن تووشی خراپی باری جەستە بوو و بوورایەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، ئێستا زیاتر لە 20 كەس لە زیندانیانی سیاسیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە و تەئید كراوە.

وێنه‌ : که‌مپه‌ینی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ له‌ ئێران