چارەنووسی کچێکی ١٧ ساڵان پاش تێپەڕینی سێ حەفتە لەناڕەزاییەتییەکانی مەهاباد نادیارە

15:21 - 8 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوای تێپەڕینی سێ حەفتە لەناڕەزاییەتییەکانی شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، هەتا ئێستا چارەنووسی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵەی مەهابادی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لالە خوشنوود کچی رەحمان و قوتابیێکی ١٧ ساڵەی مەهابادییە کە رۆژێک پاش ناڕەزاییەتییەکانی مەهاباد دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەبنەماڵەی لالە بە هەواڵنیری کوردپای وتووە، لالە تەنیا قوتابییەک بووە و بەشداریشی لە هیچ خۆپیشاندانێک نەکردووە.

بنەماڵەی لالە باسیان لەوەش کردووە: شوێنی هاتوچۆی لالە بۆ قوتابخانەکەی بە بەردەم هوتێل تارادا بووە و رۆژانە بەو رێگەیەدا هاتوچۆی کردووە.

بنەماڵەی لالە خوشنوود بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە قەزایی ـ ئەمنیەتییەکانیان کردووە بەڵام هیچ وڵامێکیان لەچارەنووسی رۆڵەکەیان وەرنەگرتووەتەوە.

بنەماڵەی لالە لەو باوەڕەدان کە کچەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابێت.

هەوالنێری کوردپا باسی لەنیگەرانی ئەو بنەماڵەیە کردووە و ئەوەشی خستووەتەروو کە وڵام نەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان نیگەرانییەکانی ئەو بنەماڵەییەی دووقات کردووەتەوە.

پاش مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی لە هوتێل تارای مەهاباد هاووڵاتیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و هاوکاتیش لەگەڵ دەستبەسەر کردن بەرەوروو بوونەوە.

پاش ئەوەی کە لالە خوشنوود دیار نەماوە چەند کەس لەچالاکانی مەدەنی کورد نامەیەکیان سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو کچە بۆ مەجلیسی ئێران نووسیوە.

سەحەر سەعادەتی، رەزا شەریفی بۆکانی و ئومید کەریم زادە لە واژۆکارانی نامەکەن.