چارەنووسی چوار هاووڵاتیی کورد خەڵکی بانە لە زیندانی ناوەندیی سنە ناڕوونە

12:15 - 24 رەشەمه 2720

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یووسف ئەحمەدی"، "محەممەد کەریمی"، "باسیت کەریمی" و "محەممەد فەیزی"، خەڵکی شاری بانە لە زیندانی ناوەندیی سنە، چارەنووسیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار هاووڵاتییە، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕاگوێزران و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو چوار هاووڵاتییەیان لە گرتنگە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خستووەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا".

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو چوار هاووڵاتییەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەو چوار هاووڵاتییە، سەرەتاکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بە دەسپێکردنی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بانە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە: یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی و باسیت کەریمی