چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی لە ئیتلاعاتی سپادا ناڕوونە

11:07 - 15 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی کورد پاش گواستنەوەی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "کەیوومەرس لەتیفی"، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی شاری سنە، ٤٠ ڕۆژ پیش لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا چارونووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ساڵی ڕابروو، بە تۆمەتی "تاوانە ئاساییەکان"، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو چالاکە مەدەنییە لە دۆسیەیەکی نوێیدا، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران تاوانبار و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزراوە".

هەروەها زیادی کرد: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارونووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

"کەیوومەرس لەتیفی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنەیە و لە بواری بەڕێوەبەریی وانەی فێرکاریی زمانی کوردی  لەو شارەدا، چالاکیی هەبووە.