چارەنووسی هاووڵاتییەكی دەستبەسەركراوی شاری بۆكان ناڕوونە

15:15 - 17 رێبەندان 2711
كوردپا: هاووڵاتییەكی شاری بۆكان دوای تێپەڕینی چەندین رۆژ لەدەست بەسەركرانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لەبۆكان، جەعفەر مەولانی تەمەن 35 ساڵ، كوڕی حەسەن مەولان رێكەوتی 9‌ی رێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆكانەوە دەستبەسەر كراوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەك لە چارەنووسی لەبەر دەست دا نیە.

جەعفەر مەولانی پێشتر خەڵكی ئاوایی \"گڵوڵان\"‌ی سەر بە شاری بۆكان بوو، بەڵام ئێستا لەشاری بۆكان نیشتەجییە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندیی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەسەرەتای مانگی رێبەندانەوە 16 هاووڵاتیی كوردی كوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو رێژەیە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.