چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە ئیتلاعاتی سنه ناڕوونە

12:13 - 31 گەلاوێژ 2720

چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مادیح فەتحی" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری سنە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان هەتا ئێستا هۆکارێکی ڕوونیان سەبارەت بە دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕانەگەیاندووە".

ئەو سەرچاوەیەش هەروەها دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا دوو جار پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، هەبووە و لە دەسپڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شارەکی "بەهاران" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی چوونە ناو ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەوڵی شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵی "مادیح فەتحیـ"ـان دابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەشەمە ٩٨، "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی، و هاوژینی مادیح فەتحی، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم  کرابوو کە ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بۆ ٢٠ مانگ کەم کرابووە.

"سەحەر کازمی"، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٩٧،  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا، هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، "مادێح فەتحی" هاوژینی "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و دایکی ئەو چالاکە مەدەنییە بە ناوی "مەهوەش ئەمیری"، پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوون.