چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینی پاش ٢ حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی هێشتا ناڕوونە

11:40 - 27 رەزبەر 2720

چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور" خەڵکی گوندی "خراپە"ی پیرانشار و پێشنوێژی گوندی "ئەندێزێـ"ـی بەشی لاجانی پیرانشار، پاش دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی هێشتا ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو مامۆستا کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو مامۆستایە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە".

زیادی کرد: "هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەو مامۆستا ئایینییە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بێئاکام بووە".

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو مامۆستا کوردەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕێیانی پەسوێی پیرانشار دەسبەسەر کردووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەمەڕ تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو مامۆستایە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.