چارەنووسی سێ هاووڵاتی پاش دەسبەسەرکرانیان هەروا ناڕوونە

12:35 - 18 پووشپەڕ 2721

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئارام مورادیان"، کوڕی عوسمان، "ئەمیر ڕەزایی"، کوڕی جەمیل و "ئارەش ئەحمەدی"، کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ٢ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان، هەروا لە گرتنگەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا سەرچاوە قەزایی و ئەمنییەتییەکان لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئەو سێ هاووڵاتییە دژایەتییان کردووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراوانیان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، خستووەتە ژێر گوشارەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا چەند جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری کراون".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو سێ هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو سێ هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە.

ئارام مورادیان و ئەمیر ڕەزایی مانگی بەفرانباری ٩٩، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

وێنە: ئەمیر ڕەزایی، ئارەش ئەحمەدی و ئارام مورادیان