چارەنووسی سینا نیک‌پێی مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی مەریوانی ناڕوونە

11:24 - 11 خەزەڵوەر 2720

چارەنووسی مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی "سینا نیک‌پێی" تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی کامران خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، پاش پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، ناڕوونە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو مێرمنداڵە، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر، بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە شاری "سنە"یان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سینا نیک‌پێی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، چەند جار پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە، بەڵام "لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێراگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەو مێرمنداڵە کوردەیان لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو مێرمنداڵە مەریوانییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.