چارەنووسی سامان نەسیم و ٥ زیندانیی مەحکووم بەسێدارە، هێشتا ناڕوونە

15:15 - 1 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە، هەتا ئێستا دەنگۆی جیبەجێ کرانی حوکمی کوڕەکەیان تەئید نەکردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەتاکاتی بڵاوبوونەویە ئەم هەواڵە، هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی و هەواڵدەرییەکی باوەڕپێکراوی حکوومەتی و سەربەخۆ، راستیی دەنگۆکانیان لەمەڕ جێبەجێکرانی یان وەدواخستنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیدنانییە کوردە پشتڕاست نەکردۆتەوە.

هەو لەوە پەیوەندییەدا، چەندین هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە جێبەجیکرانی حوکمی لەسێداردانی ٥ زیندانیی سیاسیی کورد گەیشتوونەتە ئاژانسی کوردپا، بەڵام ئاژانسی کوردپا بە هۆی کۆمەڵێک ناڕوونی و پشتڕاست نەکردنەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، خۆی لە بڵاو کردنەوەی بواردووە.

کەماڵ حوسێنی، چالاکی مافی مرۆڤی کورد، لە ئەنجامی چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی سامان نەسیم رایگەیاندووە؛ بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە هەتا ئێستا هەواڵی جیبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی کوڕەکەیان پشتڕاست ناکەنەوەو جەخت لەسەر لێدوانی ناڕوونی بەرپرسی زیندانی ورمێ لەمەڕ راگواستنی کوڕەکەیان بۆ زیندانێکی دیکە دەکەنەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سامان نەسیم لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ پێشتر دەنگۆیەک سەبارەت بە پەیونەدییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئێمەدا بڵاو ببویەوە، کە بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلاکانی سامان سەردانی زیندان بکەین، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکانماندا لەگەڵ بەرپرسی زیندان باسی لە ناردنەوەی کەلوپەلەکان بۆ مەریوان کرد و ئەمەش ناتوانێ بنەماڵەکەی ئێمە لەمەڕ لەسێداردرانی سامان بێنتە سەر قەناعەت و ئێمە هەتا ئێستا نیگەرانین، بەڵام هیوادارین و چاوەڕوانی بیستنی هەولیکی خۆش دەکەین.

پێشتر سامان رەسووڵ‌پوور و کەماڵ حوسێنی دوو رۆژنامەنووسی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، خۆیان لە پشتڕاست کردنەوەی دەنگۆکانی پەیوەندیدار بە جێبەجێ کرانی حوکمی سێدارەی سامان نەسیم بواردبوو.

\"24856.jpg\"
پێدەچیت دەزگا ئەمنییەکان لە هەوڵی رەخساندنی بوار بۆ سەقامگیر کردنی کەشێکی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو ٦ زیندانییە سیاسییە کوردەدا بن
چەند کەسێک لە چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ، کە پەویەندییان بە ئاژانسی کوردپاوە گرتووە، لەو باوەڕدان: کە پێدەچێت دەزگا ئەمنییەکان لە هەوڵی \"فضا سازی (خولقاندنی کەشیكی تایبەتی)\"دا بن و بەهۆی فشارە نێوخۆیی ونێونەتوەییەکانەوە سەبارەت بە پرسی زیندانیانی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە، بیانهەوی بوار بۆ ئاسایی کردنەوەی جیبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد بڕەخسینن.

زۆربەی ئەو چالاکەن لەو باوەڕەدا بوون کە حکوومەتی ئیسلامی لە هەوڵی ئاسایی کردنەوە و قەبووڵ کردنی ئەو مەسەلەیە لە رای گشتیدا بن و رەوشەکە بۆ جێبەجی کردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لەبار بکەن.

جگە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و رای بەکارهێنەرانی فەیسبووک، هەتا ئێستا هیچ سەرجاوەکەی باوەرپێکراو، هەواڵی لەسێدارەدانی سامان نەسیم و ئەو ٥ زیندانییە سیاسییەی دیکەی پشتراست نەکردۆتەوە.