چارەنووسی سامان نەسیم ناڕوونە

13:19 - 30 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە، کە رۆژی رابردوو بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکمەکەی لە بەندەکەی بردراوەتە دەرەوە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو، رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان، سامان نەسیم، هاوڕێ لەگەڵ ٥ زیندانیی سیاسیی دیکەی مەحکووم بەسێدارە، بەناوەکانی عەلی ئەفشاری، یونس ئاقاییان، سیروان نژاوی و حەبیب ئەفشاری و ئیبراهیم شاپووری، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە لە بەندەکەی بردراوەتە دەرەوە.

ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤ لەزاری یەکێک لە براکانی سامان نەسیمەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، هەتا چەند خولەکێک لەمەوبەر حوکمی سامان نەسیم بەرێوەنەچووە، بەڵام مەترسیی بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە لە چەند کاتژمێر داهاتوو، و رۆژانی داهاتوودا بەدوور لە چاوەڕوانی نییە.

موختار نەسیم، برای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە کەماڵ حوسێنی، راپۆرتێر و چالاکی مافی مرۆڤی کوردی راگەیاندووە؛ ماوەی چەند رۆژێکە پارێزەرێکی کوردی خەڵكی شاری شنۆمان بۆ گرتووەو بەڵێنیی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانەکەی پێداوین\".

برای ئەو زیندانییە سیاسییە گوتووشیەتی؛ رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیە پارێزەری سامان لەگەڵ دادستانی گشتیی ورمێ چاوپێکەوتنی بووە دادستان رایگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی بەدواداچوونەکانی لە تاران بە ئەنجامی کۆتایی دەگەن، حوکمەکە رادەگرم\".

موختار نەسیم، باسی لەوە کردووە، \"کەسێکی دەستبڕی خزمی خۆمان، هەموو داراییەکەی لێ لە ئاو کردین و هیچ کارێکیش بۆ رزگار کردنی سامان نەکرد\".

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی نەسیم ئاماژەی بەوەش کردووە، \"سزای برای من لەسێدارەدان نییە و ئەو حکمە بەپێی یاسای ئێران نادروستە\".

لەماوەی رابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوە لەکاتی دیاریکراو بۆ لەسیداردانی سامان نەسیم، وڵاتی نۆروێژ و کۆمیساریای مافی مرۆڤی ئاڵمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ خوازیاری راگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سامان نەسیم کە رۆژی رابردوو لەگەڵ پێنج زیندانیی دیکەی مەحکووم بەسێدارە لە بەندەکەی بردراوەتە دەرەوە، شوێنی راگیرانی روون نییە، بەڵام سامان بەر لە چوونە دەرەوەی لە بەندەکەی، بە هاوبەندییەکانی راگەیاندووە، کە پێدەچێت بگوازرێتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

بنەماڵەی سامان نەسیم ئەمڕۆ پێنج‌شەممە سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێ‌یان کردووەو بەرپرسانی زیندان پێیان راگەیاندوون، کە رۆژی شەممەی داهاتوو بۆ چاوپێکەوتن سەردانی زیندان بکەنەوە.