چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە پاش دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە

17:07 - 25 بانەمەڕ 2721

لە چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "داریووش خالیدییان"، تەمەن ۲۲ ساڵ، کوڕی هووشەنگ و "مۆحسێن سەعیدی"، تەمەن ۲۱ ساڵ، کوڕی حوسێن و خەڵکی شاری قوروە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان"، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەوبارەیەوە خۆ دەبوێرن".

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی بانەمەڕ، ئەو دوو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کراون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

وێنە: مۆحسێن سەعیدی و داریووش خالیدییان