چارەنووسی ئانیسا جەعفەری‌مێهر پاش ١٠ ڕۆژ دەسبەسەری ناڕوونە

10:08 - 13 سەرماوەز 2720

چارەنووسی ئانیسا جەعفەری‌مێهر، چالاکی فەرهەنگیی کورد خەڵکی شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و لە چاوپێکەتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگاداره دەڵێت: پارێزەری ئەو ژنە چالاکە فەرهەنگییە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی دەکات و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، دۆسییەکەی ڕەوانەی دادگا دەکرێت.

کەرەستەی کەسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییە وەکوو، لەپ‌تاپ، موبایل و هەندێک کەرەستەی دیکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بە سەرداگیراوە.

 ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز،هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو چالاکە فەرهەنگییە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

"ئانیسا جەعفەری‌مێهر"، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بەشی زمانناسیی زانکۆی کوردستانه.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.