پەیامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێڤ بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کوردپا

11:30 - 1 گەلاوێژ 2721

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان -  ژنێڤ بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کوردپا، پەیامی پیرۆزبایی بۆ دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کوردپا نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان -  ژنێڤ بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کوردپا

بەڕێزان بەڕێوەبەران و هاوکارانی کوردپا!

وێڕای سڵاو،

بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئاژانسی کوردپا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ، سەرەڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کوردپا، ئارەزووی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازێ لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکانی بە تایبەت پێوەندیدار بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی کورد و نەتەوەکانی ژێر ستەمی ئێران.

دیارە سەرکەوتنی هەر ڕێکخراوەیەک لە درێژەدانی کارەکانی ئەو ڕێکخراوەیە و ڕەچاو کردنی  پرەنسیپەکانی ڕاگەیاندنە. کوردپا وەک یەکێک لە ئاژانسە سەرەکییەکانی ڕاگەیاندن، هیچکات بە مەبەستی پڕۆپاگەندەی کورتخایەن، پرەنسیپەکانی ڕاگەیاندنی ژێرپێ نەکردووە و ئەوەش زۆر جێگای دەستخۆشییە.

بێگومان کارەکانی کوردپا دۆکیومنتی زیندووی خەباتی کۆمەڵگەی مەدەنیی تێکۆشەرانی کوردستان پێک دێنێ و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ڕێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤە.

لە کۆتاییدا، وەک خاتوو ئیڤلین بیاتریس هاڵ، نووسەری بەناوبانگی بریتانی دەڵێ :

"هەرچەندە لە گەڵ بیروبۆچوونەکەتان نیم بەڵام تا ئاخەرین دڵۆپی خوێنم خەبات دەکەم بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بیر و بۆچوونەکەتان دەر ببڕن"

ئامانجی ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی هەواڵ تەنیا بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری نییە بەڵکوو داکۆکیکردن لە مافی دەربڕینی بیروڕای جیاوازە و ئارەزووی سەرکەوتنی زیاتر بۆ بەڕێوەبەران و هاوکارانی کوردپا دەخوازم بۆ داکۆکیکردن لە بیروڕای جیاواز و درێژەدانی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان.

لەگەڵ ڕێز،

 تەیموور ئەلیاسی

 نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ژنێڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان

ژنێڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان

رێکەوتی ٢٣ ژووئیەی ٢٠٢١