پەنابەرێكی دیكەی كورد لەدانمارك مەترسیی سنوورداش كردنەوەی لەسەرە

14:19 - 2 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: پەنابەرێكی سیاسیی خەڵكی كوردستانی ئێران پاش حەوت ساڵ مانەوەی لە وڵاتی دانمارک و داوای مافی پەنابەریی، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە هەڕەشەی سنوورداش كردنەوەی بۆ ئێران لێدەكرێ‌.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەختیار مەحموودی پەنابەری كوردی خەڵكی شاری جوانڕۆ لە ئوستانی كرماشان كە ماوەی حەوت ساڵ بەر لە ئێستا رووی لەوڵاتی دانمارک كردووە، هێشتا نەیتوانیوە مافی پەنابەریی وەربگرێت.

بەختیار مەحموودی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی دانمارك دەستبەسەر و خراوەتە كەمپی \"داخراو\" و دەوترێت پۆلیسی ئەو وڵاتەش پێی راگەیاندووە دیپۆرتی ئێران دەكرێتەوە.

\"24888.jpg\"
بەختیار مەحموودی پەنابەری كوردی خەڵكی شاری جوانڕۆ لە ئوستانی كرماشان كە ماوەی حەوت ساڵ بەر لە ئێستا رووی لەوڵاتی دانمارک كردووە
دەگوترێ، ئەو هاووڵاتییە كوردە بە هۆی چالاكی سیاسی و داكۆكیی كردن لە مافە سیاسییەكانی نەتەوەی كورد بەناچاری ئێرانی بەجێهێشتووە.

ئەو چالاكە سیاسییە ماوەی ١٨ رۆژە لەوڵاتی دانمارک دەستبەسەرە و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشی لێكراوە ئەگەر پێویست بكات بە زۆرەملی سنوورداش دەكرێتەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش پەنابەرێكی دیكەی كورد بەناوی حەمید عەبدیلی‌پوور، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵكی ورمێ، كە بەهۆی چالاكیی سیاسی زێدی خۆی بەجێهێشتبوو، لەلایەن پۆلیسی نوروێژەوە بەرەوڕووی مەترسیی سنوورداش كردنەوە بۆ ئێران ببوویەوە.

حەمید عەبدیلی پوور لەكاتێكدا ئەو هەڕەشەیەی لێكرابوو كە ماوەی شەش ساڵە لەو نۆروێژ نیشتەجێیە.