پەرچەكرداری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر كوشتارەكان لە سووریە

14:55 - 7 جۆزەردان 2712
كوردپا: پاش كوشتنی زیاتر لە 100 هاووڵاتیی سووریە لە ناوچەیەكی شاری حومس، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا، بریتانیا و فەرانسە و چەند وڵاتی دیكە پەرچەكرایان نواند و مەحكوومیان كرد.

هەواڵدەرییەكان بڵاویان كردەوە، پاش كوشتاری زیاتر لە 100 كەس لە ناوچەی حولەی سەر بە شاری حومس لە سووریە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە دەوڵەتی سووریە كردووە كە چەكی قورس لە ناوچەی ژیانی دانیشتوانی بكشتێنێتەوە و كۆتایی بە كوشتارەكان بێنێت.

لەلایەكی دیكەشەوە ویلیام هێگ، وەزیری دەرەوەی حكوومەتی بریتانیا داوای لە كۆمەڵگای جیهانی كرد كە لە هەمبەر كوشتاری هاووڵاتیانی سووریەدا بێ‌ دەنگ نەبن.

ناوبراو وێڕای ئەوەی كە وتوویەتی: دەبێ‌ كۆمەڵگای جیهانی لە هەمبەر كوشتاری سووریە وڵامدەر بێت، داوای پێكهێنانی كۆبوونەوەی نائاسایی و خێرای ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێی رەوشی سووریەی كردووە.

وەزیری دەرەوەی بریتانیا وێڕای بە جەنایەت لەقەڵەم دانی رووداوی ناوچەی \"حولە\" لە شاری حومس وتی: ئێمە داوا دەكەین كۆمەڵگای جیهانی هەرچی خێراتر لەو پێوەندییەدا كۆبوونەوە پێك بهێنێت.

هێلاری كلینتۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لەم بارەوە وێڕای وەسف كردنی\"دەسەڵاتدارێتی بە كوشتار\"، وتوویەتی: دەبێ‌ بەشار ئەسەد كۆتایی بەو كوشتارە بێنێت و كەسانی بەپرسیار لەم بارەوە وەڵامدەر بن.
\"4670.jpg\"
رێكەوتی 6‌ی جۆزەردان لایەنگرانی بەشار ئەسەد لە ناوچەی حولەی شاری حومس 106 كەسیان كوشتووە كە 50 كەسیان منداڵ بوون و بە شێوەیەكی كارەساتبار كوژراون.

فەرانسە و یەكیەتیی كۆماكاری عەرەبیش لە هەمبەر ئەو كوشتارەدا پەرچەكرداریان نواندووە و بە توندی \"جینایەتی هێزە نیزامییەكانی\" سووریەیان مەحكووم كردووە.

بەپێی راپۆرتی سەرچاوەی دژبەرانی حكوومەتی بەشار ئەسەد لەو كوشتارەدا كە لەلایەن چاوەدێرانی نێودەوڵەتییەوە تۆمار كراوە، لە ناوچەی \"حولە\" لە دەورووبەری شاری حومس 106 كەس بە شێوەیەكی \"دڕندانە\" لەلایەن هێزەكانی سەر بە حكوومەتی بەشار ئەسەدەوە كوژراون كە 50 كەسیان ژن و منداڵی بێتاوان بوون.

تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبییە چەند گرتەیەكی لەو \"جینایەتە ترسناك\"ە بڵاو كردۆتەوە كە دەریدەخات هێزە حكوومەتییەكان منداڵان و ژنانیان سەر بڕیوە و چەند كەس لە قوربانیانیشیان هەڵواسیوە.