پێکناکۆکبوونی ئاشکرای دادڕەسیی دۆسییەی شاکر بێهرووزی

12:28 - 20 بەفرانبار 2720

لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لە بەرنامەی دایە کە دۆسییەیەکی دیکە دژی شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، دروست بکات.

ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ، دادگایی کراوە و دادگا دووبارە ئەو زیندانییە سیاسییەی بە دەستێدابوون لە "کوشتنی به ئەنقەستـ"ـی ئەندامێکی سپاسی پاسداران بە ناوی "فەریق ئازادیخا" تاوانبار کردووە.

لە دادنامەی دەرکراو بۆ شاکر بێهرووزی کە لە ڕۆژی ٦ی بەفرانبار بە ناوبراو ڕاگەیاندراوە هاتووە: "بیروڕای قەزایی لەمەڕ تۆمەتی دیکەی تاوانباری دۆسیەکە سەبارەت بە کوشتنی بە ئەنقەستی فەریق ئازادیخا، لێدانی بە ئەنقەستی ناوبراو، تێکشکاندنی ماشینەکەی بە گولـلە و هەروەها هاتوچۆکردنی نایاسایی لە سنوور و هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک و تەقەمەنی نایاسایی، حاشا هەڵنەگرە و ئەم پرسە هەتا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، بۆیە دۆسیەکە دەبێ ڕەوانەی دادگای ورمێ بکرێت هەتا لەمبارەوە ڕێکار و ڕوشوێنی یاسایی بگردرێتە بەر".

ئەم هەوڵەی لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ له حاڵێکدایە، کە ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لە لقی ١١٠ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ، لە تۆمەتی "بریندارکردنی فەریق ئازایخا بەهۆی تەقەکردن" لەو بێتاوان ناسرابوو.

لقی ١١٠ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ، سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی تەواو بە پشتبەستن بە مادەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ و ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران، حوکمی بێتاوانبوونی "شاکر بێهرووزی" سەلماندبوو.

بەپێی ئەو دادنامەیە کە لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامەدا هاتووە و بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ، شاکر بێهرووزی لە دۆسییەیەکی نوێدا، بە "تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" بە پشتبەستن بە مادەکانی ١، ٢، ٣، ١٤، ١٤٠، ١٤١، ١٤٤، ١٦٠، ١٦٤، ١٦٧، ١٦٨، ٢١١، ٣٠١، ٣٥٠، ٣٥٤، ٣٨١، ٤١٧، ٤١٨، ٤١٩، ٤٣٦. یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایەتی ئیلاهی ١٧٨ و ١٧٩، لە سوورەی موبارەکەی "بەقەرە" بە ئێعدام لە ڕێگای لە "داردان" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کراوە.

ئەمە دووهەمین حوکمی ئێعدامه کە بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی گوندی "دزەی" ناوچەی مەرگەوەڕ، دەسەپێ و پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام، مەحکووم کرابوو.

شاکر بێهرووزی لە گرتووخانەی ورمێ ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، بۆ دادگاییکردن بانگهێشتی لقی ١ی دادگای کەیفەریی ١ی تایبەت بە لاوانی ورمێ کرابوو و ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوە دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ئامادەبوونی خۆی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چووبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی "سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ دادگای کەیفەریی ٢ی بەهەشتی ورمێ،  بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دانپێنانی زۆرەملێیان لەو زیندانییە کوردە، وەرگرتووە.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپا و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندرا".

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.