پێنج چالاکی مەدەنی لە سنە دەسبەسەر کران

11:11 - 29 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، پێنج چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی "مورتەزا محەممەدی"، "کەیوان ئەلیاسی"، "ڕەزا ڕەزایی"، "قانێع خاتری" و "مۆحسێن حوسێن‌پەناهی"، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو پێنج هاووڵاتییە و ناوبراوانیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو پێنج چالاکە مەدەنییە شەوی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، لە ڕێگای پەیوەندییەکەی تەلەفۆنیدا، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون".

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراوان بێئاکام ماوەتەوە.

ئەو پێنج چالاکە مەدەنییە، لە کەمپەینی خەڵکیی سنەدا بەشدارییەکەی بەرچاویان هەبووە. قانێع خاتری و مۆحسێن حوسێن‌پەناهی لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستانـ"ـن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو پێنج چالاکە مەدەنییە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.