پێنج هاووڵاتیی دیکە لە بۆکان دەسبەسەر کران

22:02 - 3 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ۳۰ی بەفرانبار، پنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەشید ئەحمەدی و محەممەدئەمین ئەحمەدی"، خەڵکی گوندی "لەگز" و "ڕەزا، محەممەد و فەرهاد زەندی"، خەڵکی گوندی "عەباس‌ئاوا" سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی جیا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان، بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوانەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا، سەبارەت بە بارودۆخی منداڵەکانیان خۆ ببوێرن.

هەتا ئێستا، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژی ئەو پێنج هاووڵاتییە، زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

لە ڕۆژی سێشەممە ۳۰ی بەفرانبار هەتاکوو ئێستا، هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری بۆکان، دەستیان بە دەسبەسەریی هاووڵاتییانی کورد کردووە.