پێنج هاووڵاتی بە دانانی بارمتە لە زیندانی بانە ئازاد کران

11:24 - 20 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوە، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هاوژین قادری، بێهرووز قادری، ڕێبوار قادری، پەرویز قادری و جەلیل خودایی"، خەڵکی گوندی "یاقووباوا" سەر بە بانە کە سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کراون.

ئەو پێنج هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغی دادڕەسییەکەیان لە گرتنگە ئازاد کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پێنج هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە کرابوون و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان، بۆ زیندانی بانە ڕاگوێزرابوون.

ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان"، بێبەری کرابوون.

پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی "یاقووباوا"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوە، ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.