پێشگرتن لە ئازادکردنی مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور

18:11 - 6 خەزەڵوەر 2720

لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی مامۆستا "ڕەسووڵ حەمزە‌پوور" خەڵکی گوندی "خراپە"ی شاری پیرانشار و پێشنوێژی گوندی "ئەندێزێـ"ـی بەخشی لاجانی پیرانشار، بە دانانی بارمتە دژایەتی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو مامۆستا کوردە بۆ ئازادیی ناوبراو بارمەتەکەیان دابین کردووە. بەڵام لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ داوای بارمتەیەکی دیکەی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەتا ئێستا لەگەڵ ئازادکرانی ناوبراو ڕەزامەندی دەرنەبڕاوە.

 مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەر پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو مامۆستا کوردە، هەنووکە لە بەندی ڕاوێژی زیندانی ورمێ دایە و تۆمەتی‌وەپاڵدراوی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕێیانی پەسوێی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.

ئەو مامۆستا ئاینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و هەروەها "لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.