پێشوازیی بەرچاوی خوێنەرانی ئیلام لە چاپی كۆمەڵە شێعرێكی كوردی

14:00 - 1 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بژاردەیەك لە شێعرەكانی عەلیشا خان حەیدەری لە ئیلام بەناوی \"دارئاسوو\" بە كوردیی كەلهوڕی بڵاو كراوەتەوە كە پێشوازییەكی بەرچاوی لێكراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، \"دارئاسوو\" بژاردەیەك لە شێعرەكانی عەلیشاخان حەیدەری شاعێری ئیلامی بە كوردی كەلهوڕی كە یەك مانگ لەمەوپێش لەلایەن وەشانگەی \"زانا\" و لەسەر دەستی ئەحمەد مووسابەیگی لە 256 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرابۆوە، لەلایەن خوێنەرانی كوردی ئیلامەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە بەهۆی پێشوازیی گەرمی خەڵك لەو كتێبە ئەگەری چاپی دووەمی لە سەرەتای ساڵی 1392 لە گۆڕێ‌دایە.

بە وتەی ئەحمەد مووسابەیگی بڕیار بووە ئەم کتێبە سەرەتا بە رێنووسی لاتین چاپ و بڵاو بکرێتەوە، بەڵام ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئیلام ئیزنی نەداوە، بە وتەی ئەو نووسەرە کوردە، نووسینی کوردی و بە تایبەت کوردیی کەلهوڕی بە رێنووسی \"ئارامی\" (رێنووسێک کە ئێستا باوە و زاراوەی سۆرانی بەکاری دەهێنێ) کێشەی هەیە.

\"7085.jpg\"
عەلیشا خان حەیدەری شاعیری ناسراوی كوردی نووسی خەڵكی ئیلام ساڵی 1320 لە گوندی \"زنجیرە\"ی سەرووی سەر بە شاری شیروان چرداول لە پارێزگای ئیلام لەدایك بووە و یەكێك لەو كەسانە بووە كە شارەزایی و ئۆگرییەكی زۆری بە دەقە كۆن و رەسەنە كوردییەكانی ئیلام هەبووە.

رێكەوتی 19ی خاكەلێوەی ساڵی 1382ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كردووە.

عەلیشا خان خاوەن پێگە و كەسایەتییەكی بەرزی كۆمەڵایەتی بووە و لەباری شێواز و رێچكەی ئەدەبی و نووسینەوە هاوشانی غوڵامڕەزا خان ئەركەوازی، وەلی محەممەد ئومێدی و شاعیرانی دیكەی كلاسیكی پەنجا ساڵ لەوەپێشی ئیلامە.