پیسی و كەڕووی نەخۆشخانەكان هەڕەشەیە بۆ سەرگیانی ٦٠٠ هەزار نەخۆش

15:21 - 3 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: ئەو كەسانەی كە مەبەستی چارەسەریی پزیشكی لە نەخۆشخانەكانی ئێراندا خەوێندراون، بەهۆی پیسیی نەخۆشخانەکانەوە مەترسیی تووشبوون بە \"عفوونەت\"‌یان لێدەكرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پەرەسەندنی نەخۆشی و كەڕووی نەخۆشخانە لە ناوەندە دەرمانییەكانی ئێران لەنێوان ١٠% بۆ ٤٠% دایە.

ئەو كێشە و نەخۆشییانە لەئەنجامی كۆن‌بوونی ناوەندە دەرمانییەكان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزشكی لەئێران هاتوونەتە ئاراوە.

لەو بارەیەو هەواڵدەریی مێهر بڵاوی كردۆتەوە، نزیک بە ٦٠٠ هەزار كەس لە كۆی گشتیی ٦ میلیۆن نەخۆشی لەژێر چاوەدێریدا، تووشی عفوونەتی نەخۆشخانەیی دەبن.

ئەو ئامارە بەوتەی عەبدولڕەحمان رۆستەمیان ئەندامی كۆمیسیۆنی بێهداشت لەمەجلیس، هەتا رادەیەک رووی لەزیاد بوون كردووە.

تووشبوون بە عفوونەتی نەخۆشخانەیی بەو \"هەوكردنانە\" دەوترێت كە دوای وەرگرتنی نەخۆش و لەپاش ١٠ هەتا ٣٠ رۆژ خۆی دەردەخات.

ئاماری تووشبوان بە عفوونەتی نەخۆشخانەیی لە هێندێ‌لەشارەكانی ئێران كە كەلوپەلی پێویست و پێشكەوتوویان هەیە ١٠% هەتا ١٥%‌ـە، بەڵام لەنەخۆشخانە بێ‌ئیمكاناتەكان ئەو رێژەیە دەگاتە ٤٠%.

لەلایەكی دیكەوە رەسووڵ خزری ئەندامی هەیئەت رەئیسەی كۆمیسیۆنی بێهداشت لەمەجلیس، پەرە سەندنی ئەو نەخۆشییەی گەڕاندۆتەوە بۆ نەبوونی ئیمكاناتی پێویست لەنەخۆشخانەكان و كۆنی شوێنی ناوەندە دەرمانییەكان.

بڵاو كردنەوەی ئەو ئامارانە و چوونە سەری رێژەی تووشبوان بەو نەخۆشییە لەحاڵێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لەپیرانشار، باسی لە خراپی و پیسی ناوەندی دەرمانی \"كۆنەخانێ‌\" كردبوو و وتبووی: تەنیا ٥ كەس وەكوو پێرسونێلی دەرمانی سەرقاڵی خزمەتگوزاری بە ١٨ هەزار كەسن.