پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، ٨ منداڵی لە ناوچەی سنە تووشی نەخۆشی کرد

16:36 - 28 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی گوندەکانی دەورووبەری شاری سنە بەهۆی نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، راستەوخۆ هەڕەشە لە تەندروستیی هاووڵاتییانی کورد دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی \"ئارێنان\"، ٨ منداڵی خەڵکی ئەو گوندەی سەربە شاری سنە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە تووشی نەخۆشی بوون و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سنە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

ئەو هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هاووڵاتییانی ئەو گوندانە بەهۆی بێ ئاوی و لە رووی ناچارییەوە لەو ئاوی چیاکانی ئارێز کەڵک وەردەگرن و ئەوەش لە حاڵێک دایە کە رۆژانە هاووڵاتییان مەڕ و ماڵاتی خۆیان لەسەر ئەو ئاوانە مۆڵ ئەدەن.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، بڕیار بوو ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئوستانی کوردستان بۆ نەورۆزی ساڵی ١٣٩٠ تەرحی کێشانی ئاوی لوولەکێشی بۆ گوندەکانی \" ئارێنان، نەوەڕە، سۆفیان، کەڵەکان\" کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام هەتا ئیستا سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییان ئەو پرۆژەیە نەچۆتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە.