پیرانشار/ کەمئەندام بوونی کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین

10:28 - 18 خەزەڵوەر 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر، کۆڵبەریکی کورد بە ناوی "سابیر خزری" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی محەممەد خەڵکی "کۆنەخان"ـی شاری پیرانشار، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک بریندار و کەمئەندام بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو کۆڵبەرە کوردە بەهۆی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، لە سنووری پیرانشار تووشی ئەو ڕووداوە بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە باری تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردەی نالەبار ڕاگەیاندووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "لوقمان ڕەحیمی" خەڵکی شاری "بانەوڕێـ"ـی شاری پاوە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شووشمێی نەوسوود بریندار و کەمئەندام بوو.

لوقمان ڕەحیمی لە کاتی کۆڵبەرە بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە سنووری شووشمێی شاری نەوسوود تووشی ئەو ڕووداوه بووە.