پیاوێک بە هۆی هەژارییەوە سێ منداڵی خۆی هەڕاج دەکات

15:14 - 18 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەیەکی دەستکورت لە پارێزگای ئەراک، لە کاتی لەدایکبوونی سیانەکانیاندا، بە هۆی نەبوونی پارەی نەخۆشخانە، کۆرپەکانیان فرۆشتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی پارێزگای ئەراک بە زگێک ٣ منداڵی بووە، باوکی ئەو منداڵانە بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی پارەی نەخۆشخانەوە بڕیاری فرۆشتنی منداڵەکانی خۆی داوە، ئەو پیاوە لە سەرەتاوە بڕی ٤٠ میلیۆن تمەن نرخی لەسەر هەر یەک لەو منداڵانە دانابوو، بەڵام دواتر ئامادە بووە، هەر منداڵێکی بە ٢٠ میلیۆن تمەن بفرۆشێت.

ڕۆژنامەی \"ئارمان امروز\" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، کێشەی کڕین و فرۆشتنی منداڵان لە ئێران، دیاردەیەکی نوێ نیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بە میدیا کردنی لەو جۆرە حاڵەتانە، هەستیاریی کۆمەڵایەتیی لە سەر ئەو بابەتانە زۆرتر کردووەتەوە.

بەرپرسی ئەنجومەنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران سەبارەت بە دیاردەی منداڵ فرۆشی لە ئێراندا دەڵێت: منداڵ فرۆشی یەکێک لەو حاڵەتگەڵەیە کە جێگە و پێگەی مڕۆڤایەتی لە کۆمەڵگادا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

کورش محەممەدی لە درێژەدا گوتی؛ لە دەیەکانی ڕابردوودا، کێشەکانی وەک هەژاری، دەستکورتی، بێکاری، پەرەسەندنی لەشفرۆشی، لەە خەسارە جیددییانەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئێمە شایەتی زۆر بوونی منداڵانی بێ‌سەرپەرست بین.

بە وتەی شەهین ملاوێردی جێگری سەرکۆماری ئێران و کاروباری ژنان، فرۆشتنی منداڵان لە زکی دایکاندا و پێش لەدایک بوونیان لە ئێران ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

ناوبراو هەروەها کێشەکانی وەک هەژاری، گیرۆدەبوون بە مادەی سڕکەر، خەوتن لە سەر شەقامەکان و هاوسەرگیریی منداڵانی وەکوو هۆکاری سەرەکیی \"ساتوسەودا کردن بە منداڵانەوە\" لە ئێران ناو برد.

لە یاسای پەسەند کراوی پشتیوانی لە منداڵان و مێرمنداڵان لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی‌دا، کڕین و فرۆشتن و کەڵک‌وەگرتن و بەکار هێنانی منداڵان بۆ کاری قاچاخ و هەر چەشنە بابەتێکی لەو جۆرە، شەش مانگ هەتا یەک ساڵ زیندان، یان سزای نەقدیی ١٠هەتا ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ، سزا بۆ کەسی تاوانبار دیاری کراوە.