پلەی ئێران لە ڕووداوەکانی کار ١٠٢ە

13:33 - 16 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی ناوەندی ئەنجومەنە سێنفییەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی کاری بۆ کەل‌وپەلە هاوردەکراوە ناستانداردەکان گەڕاندەوە.

هەواڵدەریی حکومەتی مێهر لە زاری ئەبولفەزل ئەشرەف‌مەنسوورییەوە بڵاوی کردەوە؛ لە ئێراندا هیچ پێوەر و ستانداردێک بۆ کەڵک وەرگرتن لە کەل‌وپەلەکان بەمەبەستی پاراستنی گیانی کرێکاران ڕەچاو نەکراوە و ئەمەش وای کردووە کە ئێران پلەیەکی زۆر نزمی هەبێ.

بەوتەی ناوبراو تەواوی ئەو کەل‌پەلانەی کە هاوردەی ئێران دەکرێن خاوەنی ستانداری جیهانی نین و ئەمەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیادبوونی ڕێژەی ڕووداوەکانی کار.

بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی جیهانی کار (ILO) ئێران لە نێوان ١٨٩ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٠٢ی لە ئاستی ڕووداوەکانی کار بۆ خۆی تۆمار کردووە.

دوایین ئاماری حکومەتی سەبارەت بە ڕێژەی ڕووداوەکانی کار کە بووەتە هۆکاری گیان‌لەدەستدانی کرێکاران باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٩٤ی هەتاویدا ١٤٩٤ کرێکار گیانیان لە دەست داوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەبوونی کەل‌وپەلی ئیمێنی کار هۆکاری سەرەکی بووە.

ماوەیەک پێش ئێستاش رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە هەر شەو و رۆژێکدا ٥ کرێکار لە ئێران گیان لەدەست ئەدەن.