پشێویی رەوشی بازاری تاران خۆپیشاندانی خەڵك و داخرانی بازاری لێكەوتەوە

14:28 - 12 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە بەیانیی ئەمڕۆوە كۆمەڵێكی بەرچاو لە خەڵك لە ئیعتراز بە بەرزبوونەوەی دۆلار و دابەزینی تمەن و ئاڵۆزیی بازار، لە چەند شوێنی تاران دەستیان دایە خۆپیشاندان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ خەڵكی ناڕازی بە بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی تمەن لە مەیدانی ئینقلابی تاران دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و دروشمیان وتۆتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لەو كۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، كۆبوونەوەی مەیدانی ئینقلاب لە دەورووبەری بولواری \"میرداماد و حەوت حەوز\"یش خەریكە بەرەبەر قەرەباڵغ دەبێت و بازاری ناوەندیی تارانیش دەستیان داوەتە مانگرتن و هەموو خەریكن دووكانەكانیان دادەخەن و تێكەڵ بە مانگرتوان دەبن.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە هۆكاری سەرەكیی خۆپیشاندانەکە ناڕەزایەتی بە دۆخی ئابووری، گرانی و هەڵاوسان و بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە لە رۆژانی ر ابردوودا و بە وتنەوەی دروشمی \"بازاری با غیرت حمایت حمایت\" و هەروەها خوازیاری دابەزینی نرخی دۆلارن.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زانیاریی زیاتر لەمەڕ وردەكارییەكان بە هەواڵنێری كوردپا لە تاران نەگەیشتووە، لە ئەگەری هەواڵ و راپۆرتی پوختەتردا بڵاوی دەكەینەوە.