پشتیوانییەکانی ئێران لە تیرۆریزم ٤٦ میلیارد دۆلار تێچووی بۆ ئەو وڵاتە هەیە

12:20 - 23 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئێران بە هۆی پشتیوانی لە تیرۆریزم ئەگەری ئەوەی هەیە بە ٤٦ میلیارد دۆلار لە لایەن ئەمریکاوە جەریمە بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی \"شرق الاوسط\" بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە بە هۆی ئەوەیکە حکوومەتی ئێران پشتیوانیی لە تیرۆریزم دەکات، بە ٤٦میلیارد دۆلار جەریمەی نەختی مەحکووم بکرێت.

ئەگەرچی ئێران بە گەڕانەوەی فەزای سیاسی و ئابووری لەگەڵ ڕۆژئاوا دڵخۆشە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێران بە هۆی پشتیوانیی لە تیرۆریزمەوە ناچار بە دانی غەرامەت بکرێت.

دادگاکانی ئەمریکا لە حوکمێکی قەزایی‌دا، حکوومەتی ئێرانیان بە پشتیوانیی کردن لە تیرۆریزم ناساندووە.

هەندێک لە دادگاکانی ئەمریکا، ئێران بە بەرپرس و پشتیوانی تیرۆریزم دەناسن و ئەوەش بووتەوە هۆی ئەوەیکە ئێران دوای لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا، دەبێ ٤٦ میلیارد دۆلار غەرامەتی شەر بدات.

حکوومەتی ئێران جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ وڵاتانی سووریە، کووبا و سوودان لە لیستەی پشتیوانیی لە تیرۆریزم ، کە هەر ساڵ لە لایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکاوە بڵاو دەکرێتەوە، ناوی بەرچاو دەکەوت.

ئێران لەم لیستەدا، وەکوو سەرەکیترین ڕێژیمی پشتیوانی تیرۆریزم ناسێندرابوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی خۆیدا، ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا، پشتیوانیی لە تیرۆریزم بە شێوەیەکی کەم وێنە، نیسبەت بە ٢٠ ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.